Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 148

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.

ئیشایا 49:13-23

13 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
    ئەی زەوی، شادمان بە!
    چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
    بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.

14 بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
    پەروەردگار لەبیری کردم.»

15 «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
    یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
    بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
16 ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
    هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
17 کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە،
    ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
18 چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە!
    هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.»
یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
    تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت،
    وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.

19 «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و
    خاکەکەشت ڕووخێنرا،
بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان،
    لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
20 ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت
    کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن:
”ئەم جێیە تەنگە بۆمان،
    جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
21 لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
    ”کێ ئەمانەی بۆم بوون
کە من سک سووتاو و نەزۆکم،
    دوورخراوە و دەربەدەرم؟
    ئەی کێ بەخێوی کردن؟
ئەوەتا من بە تەنها مابووم،
    ئەمانە لەکوێ بوون؟“»

22 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە،
    بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەم،
جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و
    کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
23 پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن،
    شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ،
ڕوویان لە زەوی دەبێت،
    کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە،
ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
    ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»

مەتا 18:1-14

کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟

18 لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»

ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە شانشینی ئاسمان. بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.

«ئەوەی بە ناوی من پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. بەڵام ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.

«قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو کۆسپانەی کە مرۆڤ تووشی گوناه دەکەن! چونکە کۆسپەکان هەر دەبێ هەبن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان! ئەگەر دەستت یان پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە.[a] باشترە کە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو دەست یان دوو پێیەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە بخرێیتە ئاگری دۆزەخەوە.

نموونەی مەڕی ونبوو

10 «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. ⌟ 11 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە ونبووان ڕزگار بکات.⌞

12 «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14 بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.