Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 2:1-10

نوێژی حەنا

حەنا نوێژی کرد و گوتی:

«دڵم بە یەزدان شادە،
    سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
    لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
    بێجگە لە تۆ کەس نییە،
    هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
    با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
    ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

«کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
    شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
    برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
    ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
    دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
    نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
    تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.

«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
    جیهانی لەسەر داناوە.
پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.

«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10     نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
    یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.

«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
    سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»

پەیدابوون 37:2-11

ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە.

یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.

ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.

یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەلو[a] بووین، لەناکاو مەلوەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەلوەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»

براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر زیاتر ڕقیان لێ بووەوە، لەبەر خەونەکانی و لەبەر قسەکانی.

ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»

10 کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» 11 براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.

مەتا 1:1-17

بنەچەی عیسا

ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:

ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو،

ئیسحاق باوکی یاقوب بوو،

یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،

یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو،

پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،

حەسرۆن باوکی ڕام[a] بوو،

ڕام باوکی عەمیناداب بوو،

عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو،

نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،

سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو،

بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو،

عوبێد باوکی یەسا بوو،

یەسا باوکی داودی پاشا بوو.

داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی هی ئوریا[b] بوو،

سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو،

ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو،

ئەبیا باوکی ئاسا بوو،

ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو،

یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو،

یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،

عوزیا باوکی یۆتام بوو،

یۆتام باوکی ئاحاز بوو،

ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،

10 حەزقیا باوکی مەنەشە بوو،

مەنەشە باوکی ئامۆن بوو،

ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،

11 یۆشیا باوکی یەهۆیاکین[c] و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.

12 لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل،

یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو،

شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،

13 زروبابل باوکی ئەبیهود بوو،

ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو،

ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،

14 ئازور باوکی سادۆق بوو،

سادۆق باوکی ئەکیم بوو،

ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،

15 ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو،

ئەلعازار باوکی مەتان بوو،

مەتان باوکی یاقوب بوو،

16 یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح[d] ناودەبردرێت.

17 بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.