Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
هەلیلویا.
بنەچەی داود
13 ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو. 14 ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە. 15 دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشویست و ئەو بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
16 ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی. 17 ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.
14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە[a] دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.
17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. 18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.