Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.
80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.
3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.
7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.
19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
بەڵێنی خودا بۆ داود
7 پاش ئەوەی پاشا لە کۆشکەکەیدا نیشتەجێ بوو، هەروەها یەزدانیش لە هەموو دوژمنەکانی چواردەوری حەواندییەوە، 2 پاشا بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی خوداش لەناو چادرێکدا نیشتەجێیە.»
3 ناتانیش بە پاشای گوت: «بڕۆ هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدان لەگەڵتدایە.»
4 بەڵام هەر لەو شەوە فەرمایشتی یەزدان بۆ ناتان هات:
5 «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەو کەسەی کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت؟ 6 لەو ڕۆژەوەی کە نەوەی ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو هاتوچۆم لەناو چادر و نشینگەدا بووە. 7 لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘“
8 «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم. 9 لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکی گەورەت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین. 10 شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە، 11 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.
«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی بنەماڵەکەت جێگیر دەکات. 12 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 13 ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 14 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. ئەگەر ستەم بکات، ئەوا بە گۆچانی خەڵک و لێدانی نەوەی ئادەم تەمبێی دەکەم.[a] 15 بەڵام خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت وەک چۆن بۆ شاول داماڵرا، ئەوەی لەپێش تۆ ڕامماڵی. 16 بۆ هەتاهەتایەش ماڵەکەت و پاشایەتییەکەت لەبەردەممدا ئاسوودە دەبن، هەتاهەتایە تەختەکەت جێگیر دەبێت.“»
17 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە[b] قسەی لەگەڵ داود کرد.
23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.
ڕۆڵەکانی خودا
26 هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، 27 چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. 28 جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. 29 جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.