Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
2 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
3 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
4 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
5 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
6 ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
7 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
8 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
9 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a] دەدەمە تۆ،
بەشە میراتی خۆتانە.»
12 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
13 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
14 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
15 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم[b] مەدەن،
خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
16 قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
17 کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
یوسف بە کۆیلەیەتی فرۆشرا،
18 بە کۆت ئازاری پێیان دا،
زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد.
19 هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
20 پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
21 کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
22 بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
پیرەکانی فێری دانایی بکات.
23 جا ئیسرائیل هاتە میسر،
یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
24 بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
25 ئەوەی دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
26 موسای بەندەی خۆی نارد و
هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
27 لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،
لە خاکی حام هێنایانە دی.
28 تاریکی نارد و تاریک داهات،
میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
29 ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،
ماسییەکانیانی کوشت.
30 زەوی پڕبوو لە بۆق،
کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
31 بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،
مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
32 بارانی کردن بە تەرزە،
ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
33 لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،
درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
34 بە فەرمانی ئەو کوللە هات،
کوللەحاجی بێشومار،
35 هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،
بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
36 لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،
یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
37 بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن،
لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40 داوایان کرد، سوێسکەی[a] هێنا،
نانی ئاسمانی تێری کردن.
41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
42 چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
33 1 یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ 2 فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. 3 بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»
4 کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە. 5 یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و بزانە چیت پێ دەکەم.“» 6 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.
نموونەی ئیبراهیم
4 ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ 2 ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. 3 ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]
4 ئەوەی کار دەکات، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. 5 بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. 6 وەک داود دەڵێت، لە خۆزگەخواستن بەو مرۆڤەی کە خودا بێ کردار ڕاستودروستی بۆ دادەنێت:
7 [خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
گوناهەکانیان داپۆشراون.
8 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.][b]
9 ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنە نەکراوانیشە؟ چونکە دەڵێین، باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.