Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 35:11-28

11 شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
    پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
12 بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
    گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
13 بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
    بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
14     وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
    پرسەدار بووم بۆی،
وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
    لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
15 بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
    کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
    بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
16 وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
    ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.

17 ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
    گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
    ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
18 لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
    لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
19 مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
    کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
    بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
20 ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
    بەڵکو درۆ دادەڕێژن
    لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
21 دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
    «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»

22 ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
    ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
23 هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
    ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
24 ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
25 مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
    یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»

26 با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
    تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
    بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
27 با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
    گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
    کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»

28 زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
    بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.

حزقیێل 1:1-2

گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان

لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،[a] کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.[b]

لە پێنجی مانگدا، فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.

جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدا بوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، باڵەکانیشان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.

10 ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، 11 ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. 12 هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. 13 هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. 14 گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.

15 تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. 16 دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. 17 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. 18 هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو[c] لە هەر چواردەوریاندا.

19 کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. 20 بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. 21 کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.

22 لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو. 23 لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی. 24 کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بە توانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.

25 کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات. 26 لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین[d] دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. 27 بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. 28 وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری.

ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.

بانگکردنی حزقیێل

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.»

کردار 10:23-33

23 جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن.

پەترۆس لە ماڵی کۆرنیلیۆس

بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون. 24 بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە. 25 کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. 26 پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!»

27 کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە، 28 پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس[a]. 29 بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. پرسیاریش دەکەم، بۆچی منتان بانگکرد؟»

30 کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی[b] پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، 31 گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. 32 بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“ 33 منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.