Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 27

زەبوورێکی داود.

27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
    لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
    لە کێ بتۆقم؟

کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
    بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
    ساتمە دەکەن و دەکەون.
ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
    دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
    ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.

داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
    ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
    لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
    لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
    لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
    بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
    لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
    سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
    لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
    ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
    تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
    ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
    یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
    لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
    چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
    هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.

13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
    کە لە خاکی زیندووان
    چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
    خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
    چاوەڕێی یەزدان بە.

زەبوورەکان 118:26-29

26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
    لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
    ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
    بە قۆچەکانی قوربانگا.

28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
    تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

مەتا 23:37-39

خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم

37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][a]»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.