Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 46

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت[a].

46 خودا پەناگا و هێزمانە،
    لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت.
بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
    ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
    چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. [b]

ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا[c] شاد دەکات،
    ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
    لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
    خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.

یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
    خودای یاقوب پەناگامانە.

وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
    ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
    کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
    گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
    لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
    لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»[d]

11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
    خودای یاقوب پەناگامانە.

پەندەکانی سلێمان 8:1-21

بانگەوازی دانایی

ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
    ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
    لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
لەلای دەروازەی شارەکان،
    لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
    دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
ساویلکەکان، فێری ژیری بن،
    گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،
    کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە،
    خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،
    هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،
    ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،
    زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.
11 چونکە دانایی لە یاقووت[a] باشترە،
    هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»

12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،
    زانیاری و سەلیقەم هەیە.
13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،
    من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،
    لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،
    من تێگەیشتنم، هێز هی منە.
15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و
    فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،
    بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،
    ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،
    ڕاستودروستی[b] و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،
    دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،
    لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
21 هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و
    ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»

مەرقۆس 3:13-19

هەڵبژاردنی دوازدە نێردراوەکە

13 عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. 14 دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و 15 دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. 16 ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆنی ناونا پەترۆس، 17 یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە، 18 ئەندراوس و فیلیپۆس و بەرتۆلماوس و مەتا و تۆماس و یاقوبی حەلفی و تەداوس و شیمۆنی کانەوی[a] و 19 یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.