Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 86

نوێژێکی داود.

86 ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
    من هەژار و نەدارم.
ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
    تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
    ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
    بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
    ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
    پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
    چونکە بە هاوارمەوە دێیت.

ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
    کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
    دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
    ناوت شکۆدار دەکەن.
10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
    هەر تەنها تۆ خودایت.

11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
    دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
    گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
    تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
    تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
    پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
    کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
    بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
    ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.

پەیدابوون 16:1-14

هاجەر و ئیسماعیل

16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»

ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.

ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»

فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،
    کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
    چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
    دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
    دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
    بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»

13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.

لۆقا 18:15-17

شانشینی خودا وەک منداڵ

15 خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. 16 بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک[a] شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.