Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 24:1-3

تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە شاری شەخەم

24 ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.

یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خودای دیکەیان دەپەرست. بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ،

یەشوع 24:14-25

14 «ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن، ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست، یەزدان بپەرستن. 15 بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمورییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»

16 جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خودایانی دیکە بپەرستین، 17 چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە، کە ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد و لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و بەناو ئەو هەموو گەلانەی بەناویاندا تێپەڕ بووین پارێزگاری لێکردین. 18 هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمورییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»

19 یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە[a]، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت. 20 ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»

21 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»

22 یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە هەتا بیپەرستن.»

ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»

23 «ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بەلای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلدا بابدەنەوە.»

24 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»

25 ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان.

زەبوورەکان 78:1-7

هۆنراوەیەکی ئاساف.

78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
    ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
    بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
    هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[a] دامەزراند،
    لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
    کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
    ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
    ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
    کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
    بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.

یەکەم سالۆنیکی 4:13-18

هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ

13 خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان[a] نەزان بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. 14 لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. 15 ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین، 16 چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی بە دەنگی بەرز فەرمان دەدات، بە دەنگی سەرۆکی فریشتەکان و بە کەڕەنای خودا، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و یەکەم جار ئەو مردووانە هەڵدەستنەوە کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک. 17 ئینجا ئێمەی زیندوو کە ماوین، هەموومان لەگەڵیان لە هەوردا دەڕفێنرێین بۆ پێشوازی مەسیحی خاوەن شکۆ لە ئاسماندا، ئیتر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەبین. 18 بۆیە بەم قسانە یەکتری هانبدەن.

مەتا 25:1-13

نموونەی کچە داناکان و کچە گێلەکان

25 «لەم کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان[a] لەگەڵ خۆیان نەبرد. بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەویان هات و نوستن.

«لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەو پیری بچن!“

«هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“

«بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“

10 «کە ئەوان بۆ کڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا.

11 «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“

12 «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“

13 «کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.