Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بانگکردنی یەرمیا
4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،
پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،
تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»
7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. 8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
2 بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
3 بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
4 ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
5 ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
6 لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
گرنگی خۆشەویستی
13 ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ. 2 ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم. 3 ئەگەر هەموو سامانم دەرخوارد بدەم و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.
4 خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە. 5 بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات. 6 بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت. 7 بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک[a] دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.
8 خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت، 9 چونکە زانیاریمان سنووردارە، هەروەها توانای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا سنووردارە، 10 بەڵام کاتێک تەواوەکە دێت، سنووردارییەکە نامێنێت[b]. 11 کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە، وەک منداڵێک لێکم دەدایەوە. کە بوومە پیاو، ئەوەی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا. 12 جا ئێستا لە تەمدا تەماشای ئاوێنە دەکەین، بەڵام دوایی ڕووبەڕووە. ئێستا هەندێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن تەواو ناسراوم.
13 ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.
21 دەستی کرد بە قسەکردن و گوتی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
22 هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
23 عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
24 هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت. 25 لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە، 26 بەڵام ئەلیاس بۆ ئەوان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەند لە ناوچەی سەیدا. 27 لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
28 هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون. 29 دەریانکردە دەرەوەی شار، بردییانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. 30 بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.