Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
7 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە.
با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە،
پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
8 ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە،
لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە،
لەنێویان شەل و نابینا دەبێت
ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە،
کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
9 بە گریانەوە دێن،
لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە،
بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم،
بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون،
چونکە من باوکی ئیسرائیلم،
ئەفرایم نۆبەرەمە.
10 «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن:
”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە،
وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت.“
11 چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
لە دەست ئەوەی لەو[a] بەهێزتر بوو کڕییەوە.
12 جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن.
لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە،
بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە،
بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە.
وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن،
جارێکی دیکە سیس نابن.
13 ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن،
گەنجان و پیران پێکەوە.
شینیان دەگۆڕم بە شادی،
دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
14 کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری،
گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
13 یەزدان شمشیرەی[a] دەروازەکانت بەهێز دەکات،
کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
14 لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
15 فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
16 بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
17 تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
18 پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
19 پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
هەلیلویا!
بەرەکەتی ڕۆحی لە مەسیحەوە
3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا[a] بەرەکەتدار کردووە، 4 وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ گلەیی بین. 5 پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە[b]، 6 ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین. 7 ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بە هۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی، 8 ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند. 9 نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، بەگوێرەی خۆشحاڵی خۆی کە لە ڕێگەی مەسیحەوە مەبەستی بوو، 10 بۆ بەجێگەیاندنی لە تەواوی زەمانەدا، تاکو هەموو شتێک لە زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی مەسیحدا و لە ڕێگەی ئەوەوە یەک بخات.
11 خودا پێشوەخت بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمەی هەڵبژارد تاکو بەگوێرەی پلانەکەی بۆ ئەو بین. خودا هەموو شتێک بەگوێرەی مەبەست و ویستی خۆی بەڕێوە دەبات، 12 بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح. 13 هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێنپێدراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن. 14 ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی.
وشەی خودا
1 لە سەرەتادا، وشەکە[a] هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. 2 ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. 3 هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. 4 وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، 5 ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە[b].
6 مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. 7 ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. 8 ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. 9 ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.
10 ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11 ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. 12 لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13 ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون[a].
14 وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت[b] و ڕاستی.
15 یەحیا شایەتی بۆ دا، هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» 16 لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، 17 چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. 18 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە، بەڵام کوڕە تاقانەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، خودای دەرخست.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.