Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 147:12-20

12 ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
    ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.

13 یەزدان شمشیرەی[a] دەروازەکانت بەهێز دەکات،
    کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
14 لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
    لە باشترین گەنم تێرت دەکات.

15 فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
    پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
16 بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
    زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
17 تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
    کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
18 پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
    بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.

19 پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
    فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
    حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.

هەلیلویا!

یەکەم پوختەی مێژوو 28:1-10

نەخشەی داود بۆ پەرستگا

28 داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ سەرلەشکری ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.

داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد. بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“

«لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل. لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت. پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو، ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“

«ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.

«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە. 10 ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»

یەکەم کۆرنسۆس 3:10-17

10 بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت. 11 کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. 12 بەڵام ئەگەر یەکێک لەسەر ئەو بناغەیە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، 13 کاری هەر یەکێک دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. 14 ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. 15 ئەگەر کاری یەکێک سووتا ئەوا زیانی پێ دەگات، خۆی ڕزگاری دەبێت، بەڵام وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵات.

16 ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ 17 ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.