Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
113 هەلیلویا!
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
4 یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
6 ئەوەی دەچەمێتەوە
هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.
هەلیلویا!
یاقوب و عیسۆ
19 ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.
ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. 20 ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای هەتا ببێتە ژنی.
21 ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. 22 هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
23 یەزدانیش پێی فەرموو:
«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،
دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،
گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،
گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»
24 کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک[a] لە منداڵدانی بوو. 25 ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ[b]. 26 دوای ئەمە براکەی لەدایک بوو، بە دەستیشی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب[c]. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
27 هەردوو کوڕەکە گەورە بوون، عیسۆ بووە پیاوێکی شارەزا لە ڕاو، پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. 28 ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی خۆشدەویست.
عیسا وێنەی خودای نەبینراوە
15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[a] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.