Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:105-112

נ (نون)

105 وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم،
    ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
    کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
    جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
108 ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە،
    حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
    بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
    بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
    چونکە ئەوان شادی دڵمن.
112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
    هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.

پەندەکانی سلێمان 6:6-23

ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە،
    بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.
بێ ئەوەی پێشەوا و
    کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،
بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و
    لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.

ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟
    کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟
10 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
    کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
11 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
    نەبوونیشت وەک چەکدار.

12 کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار،
    بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،
13     چاوی دەقوچێنێت و
    بەپێی ئاماژە دەکات و
    بە پەنجە دەریدەبڕێت،
14     فێڵ لە دڵیدایە،
    خراپە دادەهێنێت،
    هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.
15 لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت،
    لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.

16 شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە،
    حەوتیش[a] قێزەونە لەلای:
17         چاوی بەفیز،
        زمانی درۆزن،
        دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،
18         دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت،
        پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،
19         شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و
        وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.

ئاگادارکردنەوە لە داوێنپیسی

20 ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و
    فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.
21 هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و
    بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.
22 لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن،
    لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و
    کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن.
23 چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و
    ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە،
    سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،

یۆحەنا 8:12-30

من ڕووناکی جیهانم

12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»

13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تۆ شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»

14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر من شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»

19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە باوکی منیشتان دەناسی.» 20 ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە[a] خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.

21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»

22 جولەکەکان دەیانگوت: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»

23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»

25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»

عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»

27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. 28 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە،[b] ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو وەک باوک فێری کردووم قسە دەکەم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» 30 کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.