Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 112:1-9

112 هەلیلویا!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
    بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.

وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
    نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
    بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
    بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.

بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
    هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
    دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
    هەتا سەرکەوتووانە دەڕوانێتە دوژمنەکانی.
بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
    بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.

زەبوورەکان 112:10

10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
    ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
    ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.

ئیشایا 29:1-12

قوڕبەسەر شارەکەی داود

29 قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل[a]
    ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!
ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،
    با جەژنەکان بسوڕێنەوە.
منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،
    جا دەبێت بە گریان و شیوەن و
    بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای[b] لێدێت،
وەک بازنە دەورت دەدەم،
    بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و
    سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.
جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،
    قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،
دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،
    قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.

ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و
    ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.
لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،
    لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی گەورەوە،
    بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
    ئاپۆرەی هەموو نەتەوەیە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
    لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی.
وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات
    بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە
    بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
    لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.

بحەپەسێن و سەرسام بن!
    خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
    بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
10 چونکە یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
    بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
    هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.

11 جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.» 12 یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»

یاقوب 3:13-18

دانایی خودایی

13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.

17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.