Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دانیال 1-3

مەشقپێکردنی دانیال لە بابل

لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و گەمارۆی دا. پەروەردگاریش یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای دایە دەستی، لەگەڵ هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا. ئیتر یەهۆیاقیم و پیاوە گەورەکانی بۆ خاکی بابل ڕاپێچ کران، نەبوخودنەسریش قاپوقاچاغەکانی لە گەنجینەی پەرستگای خوداوەندی خۆی دانا.

پاشا فەرمانی بە ئەشپەنەزی سەرۆکی دیوان کرد کە لە نەوەی ئیسرائیل لە توخمی پاشا و پیاوماقوڵەکان چەند گەنجێک بهێنێت کە تەندروستییان باش بێت، ڕوخساریان جوان بێت، لە هەموو بوارەکانی زانیاری کارامە بن، ئامادەییان تێدابێت بۆ فێربوونی هەموو شتێک، زوو تێبگەن، شایانی ئیشکردن بن لە کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی فێری زمان و ڕۆشنبیری بابلییەکان بکرێن. پاشا لە خوانی خۆیەوە بەشی ڕۆژانەی خواردن و شەرابی بۆ دابین کردن، فەرمانی کرد بۆ ماوەی سێ ساڵ مەشقیان پێ بکرێت، دوای ئەوە خزمەتی پاشا دەکەن.

لەنێو ئەوانەدا هەندێکیان لە نەوەی یەهودا بوون: دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. سەرۆکی کاربەدەستانیش ناوی نوێی لێنان، بۆ دانیال، بێلتەشەسر؛ بۆ حەنەنیا، شەدرەخ؛ بۆ میشائیل، مێشەخ؛ بۆ عەزەریاش، عەبێدنەگۆ.

بەڵام دانیال لە دڵی خۆیدا بڕیاری دابوو کە خۆی بە خواردن و شەرابی پاشایەتییەوە گڵاو نەکات، جا داوای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە دەرفەتی پێبدات بۆ ئەوەی خۆی گڵاو نەکات. خوداش وای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە چاکە و میهرەبانی بە دانیال ببەخشێت. 10 بەڵام سەرۆکی کاربەدەستان بە دانیالی گوت: «من لە پاشای گەورەم دەترسم، ئەوەی خواردن و خواردنەوەی ئێوەی دیاری کردووە. ئەگەر ببینێ ڕوخسارت لە ڕوخساری گەنجە هاوتەمەنەکانت لاوازترە، پاشا بەهۆی تۆوە سەرم دەبڕێت.»

11 دانیالیش بەو سەرپەرشتیارەی گوت کە سەرۆکی کاربەدەستان بەسەر دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریاوە داینابوو: 12 «تکایە بۆ دە ڕۆژ خزمەتکارەکانت تاقی بکەوە: تەنها ڕووەکمان بدەرێ بیخۆین و ئاومان بدەرێ بیخۆینەوە. 13 پاشان ڕوخساری ئێمە لەگەڵ ڕوخساری ئەو گەنجانە بەراورد بکە کە خواردنی پاشایەتی دەخۆن، ئینجا بەگوێرەی ئەوەی دەیبینی ئاوامان لەگەڵ بکە.» 14 ئەویش بەمە ڕازی بوو و دە ڕۆژ تاقی کردنەوە.

15 لە کۆتایی دە ڕۆژەکەدا دەرکەوت ڕوخساریان باشتر و تەندروستترە لە هەموو ئەو گەنجانەی لە خواردنەکانی پاشایەتییان دەخوارد. 16 ئینجا سەرپەرشتیارەکەیان خواردنە تایبەت و شەرابەکەی هەڵدەگرت و لە جیاتی ئەوە ڕووەکی دەدانێ.

17 بەڵام ئەو چوار گەنجە، خودا زانین و تێگەیشتنی دانێ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و زانیارییەک، دانیالیش لە هەموو بینین و خەونێک تێدەگەیشت.

18 لە کۆتایی ئەو ماوەیەی کە پاشا دیاری کردبوو بیانهێننە بەردەمی، سەرۆکی کاربەدەستان ئەوانی هێنایە بەردەم نەبوخودنەسر. 19 پاشا قسەی لەگەڵدا کردن، لەنێو هەموویاندا کەس نەبوو وەک دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. لەبەر ئەوە چوونە ڕیزی خزمەتکارانی پاشا. 20 پاشا لە هەموو بابەتێکی دانایی و تێگەیشتن پرسیاری لێکردن، بینی ئەوان دە هێندە لە سەرووی هەموو جادووگەر و ئەفسونگەرانی هەموو پاشایەتییەکەی ئەون.

21 دانیالیش هەتا ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشا لەوێ مایەوە.

خەونی نەبوخودنەسر

نەبوخودنەسر پاشا لە ساڵی دووەمی پاشایەتییەکەی چەند خەونێکی بینی کە بووە هۆی بێزاربوونی و خەوی لێ زڕا. جا پاشا فەرمانی دا جادووگەر و ئەفسونگەر و بەخت خوێنەوەرەوە و ئەستێرەناسەکان بانگ بکەن، بۆ ئەوەی پێی بڵێن کە چ خەونێکی بینیوە. کاتێک هاتن و لەبەردەم پاشادا وەستان، پاشا پێی گوتن: «خەونێکم بینیوە هەراسانی کردووم و دەمەوێ بزانم لێکدانەوەکەی چییە.»

ئەستێرەناسەکان بە زمانی ئارامی بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە بژیت! خەونەکە بە بەندەکانت بڵێ هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»

پاشا وەڵامی ئەستێرەناسەکانی دایەوە: «ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکە و لێکدانەوەکەیم پێ نەڵێن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانتان دەبێتە کەلاوە. بەڵام ئەگەر خەونەکەتان پێ گوتم و لێکتاندایەوە، لە منەوە دیاری و پاداشت و ڕێزێکی گەورەتان دەست دەکەوێت. کەواتە خەونەکەم پێ بڵێن و بۆم لێکبدەنەوە.»

دووبارە وەڵامیان دایەوە: «با پاشا خەونەکە بە بەندەکانی بڵێت هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»

ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە: «من لەوە دڵنیام ئێوە دەتانەوێت کات بەدەستبهێنن، چونکە دەزانن ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکەم پێ نەڵێن، یەک سزاتان هەیە. ئێوە لەسەر درۆ و قسەی پووچ ڕێککەوتوون هەتا لەبەردەمم بیڵێن، هەتا بارودۆخەکە دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە خەونەکەم پێ بڵێن، ئینجا من ئەوە دەزانم کە ئێوە دەتوانن خەونەکەم بۆ لێکبدەنەوە.»

10 ئەستێرەناسەکانیش وەڵامی پاشایان دایەوە: «هیچ کەسێک لەسەر زەوی نییە ئەم داوایەی پاشا جێبەجێ بکات! هەرگیز هیچ پاشایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات شتێکی وای لە جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس داوا نەکردووە. 11 ئەوەی کە پاشا داوای دەکات زۆر قورسە. هیچ کەس ناتوانێت بۆ پاشا ئاشکرای بکات، جگە لە خوداوەندەکان، ئەوانیش نشینگەیان لەگەڵ مرۆڤدا نییە.»

12 ئەوە پاشای زۆر تووڕە کرد و ڕقی هەستا، فەرمانی دا هەموو داناکانی بابل لەناوببردرێن. 13 ئینجا فەرمان دەرچوو بۆ کوشتنی داناکان، بەدوای دانیال و هاوڕێکانیشیدا هاتن بۆ ئەوەی بیانکوژن.

14 کاتێک ئەریۆکی سەرۆکی پاسەوانانی پاشا چوو بۆ ئەوەی داناکانی بابل بکوژێت، دانیال بە دانایی و ڕێزەوە قسەی لەگەڵ کرد، 15 لە فەرماندەی پاسەوانانی پرسی: «بۆچی فەرمانەکەی پاشا ئەوەندە توندە؟» ئەریۆکیش بابەتەکەی بۆ دانیال ڕوونکردەوە. 16 لێرەدا دانیال چووە ژوورەوە و داوای لە پاشا کرد کاتی پێبدات، بۆ ئەوەی لێکدانەوەی خەونەکە بۆ پاشا دەربخات.

17 ئینجا دانیال گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی و بابەتەکەی لە هاوڕێیەکانی گەیاند، لە حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا، 18 بۆ ئەوەی لەبارەی ئەم نهێنییە داوای بەزەیی لە خودای ئاسمان بکەن، هەتا خۆی و هاوڕێیەکانی لەگەڵ سەرجەم داناکانی بابل لەناونەچن. 19 لە شەودا، بە بینینێک نهێنییەکە بۆ دانیال ئاشکرا کرا، دانیالیش ستایشی خودای ئاسمانی کرد، 20 گوتی:

«ستایش بۆ ناوی خودا لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە،
    چونکە دانایی و توانا هی ئەوە.
21 ئەو کات و ساتەکان دەگۆڕێت،
    پاشایان لادەدات و پاشایان دادەنێت،
دانایی بە داناکان دەبەخشێت و
    زانایان فێری تێگەیشتن دەکات.
22 ئەو قووڵایی و نهێنییەکان ئاشکرا دەکات،
    ئەو دەزانێت چی لە تاریکیدا شاردراوەتەوە،
    ڕووناکی لەلای ئەو نیشتەجێیە.
23 ئەی خودای باوباپیرانم، سوپاس و ستایشی تۆ دەکەم:
    تۆ دانایی و هێزت پێدام،
تۆ وات کرد ئەوەی داوامان لێ کردی لەلای منەوە زانراو بێت،
    تۆ وات کرد ئێمە خەونەکەی پاشا بزانین.»

دانیال خەونەکەی لێکدەداتەوە

24 دوای ئەوە دانیال چوو بۆ لای ئەریۆک، ئەوەی پاشا دەستنیشانی کرد بۆ لەناوبردنی داناکانی بابل، پێ گوت: «داناکانی بابل لەناومەبە. بمبە لای پاشا، من خەونەکەی بۆ لێکدەدەمەوە.»

25 ئینجا ئەریۆک بە پەلە دانیالی بردە لای پاشا و گوتی: «پیاوێکم لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودا دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت واتای خەونەکە بە پاشا بڵێت.»

26 پاشا لە دانیالی پرسی، کە ناوی بێلتەشەسر بوو: «ئایا دەتوانی ئەو خەونەم پێ بڵێی کە بینیومە و هەروەها لێکی بدەیتەوە؟»

27 دانیال وەڵامی دایەوە: «ئەو نهێنییەی پاشا داوای کردووە نە دانا و نە ئەفسونگەر و نە جادووگەر و نە فاڵگرەوە ناتوانن بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. 28 بەڵام خودایەک لە ئاسمان هەیە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو بە نەبوخودنەسری پاشای ڕاگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا چی دەبێت. کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت بووی، ئەمە بوو ئەو خەون و بینینەی هاتە ناو مێشکت:

29 «ئەی پاشا، کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت ڕاکشابووی، بیرت بە لای داهاتوودا چوو، ئاشکراکەری نهێنییەکان بۆی دەرخستی چی ڕوودەدات. 30 سەبارەت بە منیش، ئەو نهێنییە بۆ من ئاشکرا کرا، نەک لەبەر ئەوەی من داناییەکی گەورەترم هەبێت لەنێو پیاوەکانی دیکە، بەڵکو بۆ تۆ، ئەی پاشا، تاکو لێکدانەوەکەی بزانیت و هەروەها لە بیرکردنەوەکانت تێبگەیت.

31 «ئەی پاشا، تۆ تەماشات کرد و پەیکەرێکی گەورەت لەبەردەمت بینی، پەیکەرێکی زۆر گەورە و درەوشاوە، دیمەنی سەرسوڕهێنەر بوو. 32 سەری پەیکەرەکە لە زێڕی بێگەرد بوو، سنگ و قۆڵەکانی لە زیو بوو، سک و ڕانەکانی لە بڕۆنز بوو، 33 قاچەکانی لە ئاسن بوون و پێیەکانی بەشێکی لە ئاسن و بەشێکیشی لە قوڕی سوورکراوە بوو. 34 کاتێک تەماشات دەکرد، بەردێک بڕایەوە بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی بەرکەوێت، لە پێیەکانی پەیکەرەکەی دا کە لە ئاسن و قوڕی سوورکراوە بوون و وردوخاشی کردن. 35 ئینجا ئاسن و قوڕە سوورکراوەکە و بڕۆنز و زیو و زێڕەکە پێکەوە وردوخاش بوون و وەک پووشی سەر جۆخینیان[a] لێهات لە هاویندا، با هەڵیگرت بەبێ ئەوەی شوێنەواری بمێنێت. بەڵام ئەو بەردەی لە پەیکەرەکەی دا، بوو بە کێوێکی گەورە و هەموو زەوی گرتەوە[b].

36 «ئەمە خەونەکە بوو، ئێستاش با بۆ پاشا لێکی بدەینەوە. 37 تۆ، ئەی پاشا، پاشای پاشایانی. خودای ئاسمان پاشایەتی و دەسەڵات و توانا و ڕێزی پێ بەخشیویت. 38 مرۆڤ و گیانلەبەری دەشتودەر و باڵندەی ئاسمان لەژێر دەستی تۆن، لە هەرکوێیەک بن، تۆی بەسەر هەموویاندا زاڵ کردووە. تۆ ئەم سەرەی کە لە زێڕە.

39 «پاش تۆ، پاشایەتییەکی دیکە هەڵدەستێتەوە، پایەی لە تۆ نزمترە، دوای ئەوە سێیەم پاشایەتی لە بڕۆنزە، بەسەر هەموو زەویدا زاڵ دەبێت. 40 پاشان پاشایەتی چوارەم دێت، وەک ئاسن ڕەقە، چونکە ئاسن دەکوتێت و هەموو شتێک وردوخاش دەکات، وەک ئەو ئاسنەی تێکدەشکێنێت، ئەمیش هەموو ئەوانی دیکە وردوخاش دەکات و تێکیان دەشکێنێت. 41 هەروەک بینیت پێیەکان و پەنجەکان بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە و بەشێکیان لە ئاسن بوون، پاشایەتییەکە بەم شێوەیە دابەشکراو دەبێت، بەڵام هەندێک هێزی ئاسنی تێدا دەبێت، هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕی سوورکراوە بوو. 42 هەروەک پەنجەی پێیەکان بەشێکیان لە ئاسن و بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە بوو، جا بەشێک لە پاشایەتییەکە بەهێز و بەشێکیش ناسک دەبێت. 43 هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕە سوورکراوەکە بوو، ئینجا ئەوان تێکەڵ بە وەچەی خەڵکی دەبن، بەڵام ئەمە بە ئەوەوە نانووسێت، هەروەک ئاسن تێکەڵ بە قوڕ نابێت.

44 «لە سەردەمی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمان پاشایەتییەک دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت، بۆ گەلی دیکە بەجێناهێڵدرێت، هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات و کۆتاییان پێدەهێنێت، ئەو هەتاهەتایە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە. 45 ئەمە واتای بینینەیە کە بەردێک لە چیاوە بڕا، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نا، ئاسن و بڕۆنز و قوڕی سوورکراوە و زێڕ و زیوەکەی وردوخاش کرد.

«خودای گەورە ئەوەی بە پاشا نیشاندا کە لە داهاتوودا ڕوودەدات. خەونەکە ڕاستە و لێکدانەوەکەشی جێی متمانەیە.»

46 ئینجا نەبوخودنەسر بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی بۆ دانیال برد، فەرمانی دا دیاری و بخووری پێشکەش بکەن. 47 پاشا بە دانیالی گوت: «بەڕاستی خودای ئێوە خودای خودایانە و گەورەی پاشایانە و ئاشکراکەری نهێنییەکانە، چونکە تۆ توانیت ئەم نهێنییە ئاشکرا بکەیت.»

48 ئینجا پاشا دانیالی لە پلەیەکی بەرز دانا و دیاری زۆری پێ بەخشی. دەسەڵاتی پێدا بەسەر هەموو هەرێمی بابل و کردییە سەرۆکی هەموو داناکان. 49 سەرباری ئەمەش، لەسەر داوای دانیال پاشا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی بابل، بەڵام دانیال خۆی لە دیوانی پاشا مایەوە.

پەیکەرە زێڕەکە و کوورە ئاگرەکە

نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ[c] و پانییەکەی شەش باڵ[d] بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا. پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر[e] و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا. ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان.

ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە، کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە. هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.»

لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو.

لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد، بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی! 10 ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات، 11 ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 12 بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.»

13 نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. 14 نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ 15 ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»

16 شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە. 17 ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات. 18 ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.»

19 ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، 20 هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 21 ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 22 فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بەرزکردەوە. 23 ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.

24 لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.»

25 ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.»

26 نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!»

ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. 27 میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە.

28 ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن. 29 لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.»

30 دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.