Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 32-34

شیوەنێک بۆ فیرعەون

32 لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ:

«”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت،
    تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت،
دڕ بە چەمەکانت دەدەیت،
    بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و
    چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.

«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم
    لەگەڵ چەندین گەل،
    ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم،
    لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم،
هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە،
    هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و
    دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
خاک بە لافاوی خوێنت ئاودەدەم
    هەتا چیاکان،
    شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم،
    ئەستێرەکانی تاریک دەکەم.
بە هەور خۆر دادەپۆشم و
    مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت
    لێ تاریک دەکەم،
    تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم،
    کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم،
    لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
10 وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت،
    لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
    کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم.
لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت،
    هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.

11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”شمشێری پاشای بابل
    دێتە سەرت.
12 وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان،
    ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن
    ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت.
جا شانازی میسر دەشکێنم،
    هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
13 هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم
    لەلای ئاوە زۆرەکان،
لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و
    نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
14 ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و
    جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و
    لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم،
کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم،
    ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“

16 «ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

شۆڕبوونەوەی میسر بۆ ناو جیهانی مردووان

17 پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین،[b] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان. 19 پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن.“ 20 لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن. 21 ڕابەرە پاڵەوانەکان لەناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“

22 «پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. 23 لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.

24 «پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنە نەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو. 25 لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.

26 «پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. 27 ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنە نەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.

28 «تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنە نەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.

29 «پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.

30 «میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.

31 «فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 32 هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

نوێکردنەوەی چاودێریێتی حزقیێل

33 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر، کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد. بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“

«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کرد بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتەکەم بگرە و بە ناوی منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. ئەگەر بە خراپەکار بفەرمووم: ”ئەی خراپەکار، سزاکەت مردنە!“ ئەگەر تۆ خراپەکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو خراپەکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. ئەگەر هاتوو تۆ خراپەکارەکەت لە ڕەفتارەکەی ئاگادار کردەوە هەتا لێی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو لە ڕەفتارەکەی خۆی نەگەڕایەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆت ڕزگار دەکەیت.

10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘“ 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“

12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“ 13 ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی. 14 ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد، 15 ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. 16 هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.

17 «هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە. 18 کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت. 19 کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت. 20 ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»

هۆیەکانی ڕووخاندنی ئۆرشەلیم

21 لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە،[c] لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە لێی درا.» 22 ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.

23 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 24 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“ 25 لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟ 26 پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“

27 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن. 28 خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار. 29 جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“

30 «ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“ 31 هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون. 32 لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.

33 «کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»

یەزدان دەبێتە شوانی ئیسرائیل

34 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟ ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن. لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند. جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون. مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.

«”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند، ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 10 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.

11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە، 12 وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون. 13 لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم. 14 لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن. 15 من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، 16 بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانەتییان دەکەم.

17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان. 18 ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن 19 هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟

20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم. 21 لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن، 22 من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم. 23 یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی. 24 من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

25 «”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون. 26 ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت. 27 درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم. 28 لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت. 29 نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان. 30 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 31 ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.