Beginning
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە،
بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری ئەفەسۆس، بۆ ئەوانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا دڵسۆزن:
2 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
بەرەکەتی ڕۆحی لە مەسیحەوە
3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا[b] بەرەکەتدار کردووە، 4 وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ گلەیی بین. 5 پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە[c]، 6 ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین. 7 ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بە هۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی، 8 ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند. 9 نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، بەگوێرەی خۆشحاڵی خۆی کە لە ڕێگەی مەسیحەوە مەبەستی بوو، 10 بۆ بەجێگەیاندنی لە تەواوی زەمانەدا، تاکو هەموو شتێک لە زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی مەسیحدا و لە ڕێگەی ئەوەوە یەک بخات.
11 خودا پێشوەخت بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمەی هەڵبژارد تاکو بەگوێرەی پلانەکەی بۆ ئەو بین. خودا هەموو شتێک بەگوێرەی مەبەست و ویستی خۆی بەڕێوە دەبات، 12 بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح. 13 هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێنپێدراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن. 14 ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی.
نوێژ بۆ ڕۆحی دانایی
15 لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا، 16 بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم. 17 داوا دەکەم لە باوکی شکۆدار، کە خودای عیسای مەسیحی گەورەمانە، ڕۆحی دانایی و ئاشکراکردنتان بداتێ هەتا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بیناسن. 18 نزا دەکەم بیروهۆشتان ڕووناک بێتەوە تاکو بزانن چییە ئەو هیوایەی ئێوەی بۆ بانگ کراون، هەروەها تێبگەن میراتەکەی چەند شکۆدار و دەوڵەمەندە بۆ خوشک و برا پیرۆزەکان، 19 هەروەها گەورەیی بێ سنووری هێزەکەشی بۆ ئێمە کە باوەڕدارین. ئەم هێزە هەمان ئەو توانا مەزنەیە 20 کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا، 21 لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش. 22 خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا، 23 کە جەستەی مەسیحە، واتە پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.
زیندووبوونەوە لەگەڵ مەسیح
2 ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون 2 کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات. 3 ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین. 4 بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، 5 ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە. 6 خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بە هۆی یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ئاسمان دایناین، 7 تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین. 8 لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، 9 بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات، 10 چونکە ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین، لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.
مەسیح ئاشتیی ئێمەیە
11 بۆیە وەبیرتان بێتەوە، ئێوە بە جولەکەیی لەدایک نەبوون، پێتان دەگوترا «خەتەنە نەکراو» لەلایەن ئەوانەی پێیان دەگوترا «خەتەنەکراو»، ئەوەی لە جەستەدا بە دەست کراوە، 12 ئەو کاتە بێ مەسیح بوون، لە هاوڵاتییەتی ئیسرائیل بێگانە بوون و لە پەیمانەکانی بەڵێن نامۆ بوون، لە جیهاندا بێ هیوا و بێ خودا بوون. 13 بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.
14 لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە یەک، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، 15 بە جەستەی خۆی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا[d]، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان[e] مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، 16 تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد. 17 مەسیح هات و مژدەی ئاشتیی پێدان، بۆ ئێوە کە دوورن و نزیکن، 18 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان[f] هەیە بۆ چوونە لای باوک.
19 بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا، 20 لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیاد نراون، عیسای مەسیحیش خۆی گرنگترین بەردی بناغەیە[g]. 21 هەموو خانووەکە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بەستراوە و گەشە دەکات هەتا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز بۆ مەسیح. 22 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.
پەیامی پۆڵس بۆ نەتەوەکان
3 بەهۆی ئەمەوە[h]، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…
2 بێگومان گوێتان لەوە بووە کە ئەرکی ڕاگەیاندنی نیعمەتی خودا بۆ ئێوە بە من سپێردراوە، 3 کە خودا بە ئاشکراکردن نهێنییەکەی بۆ دەرخستم، وەک پێشتر بە کورتی نووسیم. 4 بە خوێندنەوەی، دەتوانن لە تێگەیشتنی من لە نهێنی مەسیح حاڵی بن، 5 ئەو نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک لە نەوەکانی پێشتر ئاشکرا نەکراوە، وەک ئێستا بە ڕۆحی پیرۆز بۆ نێردراوە پیرۆزەکانی و پێغەمبەران ئاشکرا کرا. 6 نهێنییەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ناجولەکە بوو بە هاومیراتی جولەکە و پێکەوە بوونە ئەندامانی یەک جەستە و هاوبەشی ئەو بەڵێنەی کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێمان دراوە.
7 بەپێی هێزە کردەییەکەی خودا و بەگوێرەی بەخشینی نیعمەتەکەی کە پێمدرا، بوومە خزمەتکاری پەیامی ئینجیل. 8 هەرچەندە من بچووکترینی هەموو گەلی پیرۆزی خودام، ئەم نیعمەتە درایە من: مژدەی دەوڵەمەندی بێ سنووری مەسیح بدەمە نەتەوەکان و 9 پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە، 10 بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕێگەی کڵێساوە، دانایی هەمەجۆرەی خودا بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە شوێنەکانی ئاسمان زانراو بێت، 11 بەگوێرەی خواستی هەتاهەتایی، ئەوەی بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە هێنایە دی. 12 بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و باوەڕهێنانمان پێی، بە دڵنیاییەوە ئەو ئازادییەمان هەیە بۆ چوونە[i] لای خودا. 13 بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ناخۆشییەکانم ورە بەرنەدەن کە بۆ ئێوەیە، شکۆمەندی ئێوەیە.
14 لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم، 15 ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. 16 لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە، 17 تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت، 18 تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە، 19 تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.
20 بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات، 21 با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.