Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 21-22

بەخشین لە پێویستی خۆت

21 ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگا. بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی. ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. هەموو ئەوانەی دیکە ئەوەی لە خۆیان زیادەیە بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن، چ نیشانەیەک لە کاتی نزیکبوونەوەیاندا دەردەکەوێت؟»

فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»

10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. 11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.

12 «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، دەدرێنە کەنیشت و بەندیخانەکان، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە لای پاشا و فەرمانڕەواکان. 13 بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. 14 ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، 15 چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵسکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. 16 تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. 17 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18 بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. 19 بە خۆڕاگرتنتان خۆتان دەبەنەوە.

هاتنەوەی عیسای مەسیح

20 «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. 21 ئینجا با ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، 22 چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. 23 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر ژنی دووگیان یان شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. 24 بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.

25 «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. 26 لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. 27 ئەوسا کوڕی مرۆڤ بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە بەسەر هەورەوە دەبینن دێت. 28 کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان[a] نزیک دەبێتەوە.»

29 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. 30 کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. 31 ئێوەش کە دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن پاشایەتی خودا نزیکە.

32 «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 33 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»

بەخەبەر بن و وریابن

34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»

37 عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن بوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. 38 هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.

ناپاکی یەهوزا

22 جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە. کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.

شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی، یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. چوو و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد، چۆن عیسایان ڕادەست بکات. دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ. ئەویش بەمە ڕازی بوو، دەگەڕا بۆ هەلێک تاکو عیسا بداتە دەستیان کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.

جەژنی پەسخە

ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی[b] تێدا بکرێتە قوربانی. عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»

لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»

10 پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. 11 ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ 12 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»

13 جا ڕۆیشتن، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون دۆزییانەوە و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

شێوی مەسیح

14 کە کاتەکە هات عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. 15 پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازار چێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، 16 چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»

17 جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. 18 پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!»

19 نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»

20 بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت. 21 بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە. 22 کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.» 23 ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات.

گەڕان بەدوای پلەوپایە

24 هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، کامیان بە پایەبەرز دابنرێت. 25 عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکان دەبنە فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. 26 بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەی ڕابەری دەکات وەکو خزمەتکارەکەتان بێت. 27 کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.

28 «ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. 29 منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، 30 تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.

لاوازی باوەڕی پەترۆس

31 «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاکو تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. 32 بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»

33 ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

34 کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35 ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.»

36 پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. 37 من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: [لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.][c] پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»

38 گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.»

پێی فەرموون: «بەسە.»

نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون

39 پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. 40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.» 41 ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوورکەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. 42 فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» 43 فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. 44 کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.

45 ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. 46 پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن، نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.»

گرتنی عیسا

47 کاتێک قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەوەی پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتووە، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. 48 عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟»

49 ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟» 50 جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆک کاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی.

51 بەڵام عیسا فەرمووی: «ڕاوەستن، ئەمە بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە.

52 پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «هەروەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون؟ 53 ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»

نکۆڵی پەترۆس لە عیسا

54 ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانە ماڵی سەرۆک کاهین. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت. 55 هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو. 56 کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕووانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»

57 بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»

58 دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی، گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»

59 دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو، گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»

60 بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی. 61 مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» 62 ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

عیسا لەبەردەم سەنهەدرین

63 ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد. 64 چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟» 65 زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد.

66 کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بردە سەنهەدرینەکەیان. 67 گوتیان: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.»

ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن. 68 ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە. 69 بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ [لە دەستە ڕاستی خودای بە توانا دادەنیشێت.][d]»

70 هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟»

ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.»

71 ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.