Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 21-23

پێشبینییەکان دەربارەی ئازاری پۆڵس

21 کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس[a] ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە، بە ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس دەکرد[b] نەچێتە ئۆرشەلیم. کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان تاکو دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەنارەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.

کە لە سورەوە گەشتەکەمان کۆتایی پێ هات، گەیشتینە پتولمایس، سڵاومان لە برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە[c]، لەلای ماینەوە. ئەم چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.

10 کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. 11 هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”خاوەنی ئەم پشتێنە، ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە لە ئۆرشەلیم دەیبەستنەوە و دەیدەنە دەست نەتەوەکان.“»

12 کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. 13 بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» 14 کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»

15 دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. 16 هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.

لە ئۆرشەلیم

17 کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین. 18 ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب[d]، هەموو پیرانیش ئامادەبوون. 19 پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو نەتەوەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەی کردوویەتی.

20 کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن. 21 وایان بیستووە کە تۆ هەموو ئەو جولەکانەی لەنێو نەتەوەکاندان فێری هەڵگەڕانەوەیان دەکەیت لە موسا و پێیان دەڵێی منداڵانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین. 22 کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت، 23 جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە، 24 بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە، تۆش بە پاراستنی تەورات دەڕۆیت. 25 دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»

26 بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان خۆی پاک کردەوە، چووە ناو پەرستگا تاکو تێبینی بدات بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە، تاکو لە جیاتی هەر یەکێکیان قوربانییەکەی بکات.

گرتنی پۆڵس

27 کاتێک خەریک بوو حەوت ڕۆژەکە تەواو بێت، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان، 28 هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوتە پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کرد!» 29 چونکە تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە پەرستگا.

30 ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران. 31 کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە. 32 یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کە فەرماندە و سەربازەکانیان بینی لە لێدانی پۆڵس وەستان.

33 ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە. 34 بەڵام لەناو خەڵکەکەدا هەندێک هاواری شتێکی دیکەیان دەکرد. جا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە. 35 کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان[e] بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت، 36 چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»

37 خەریک بوو پۆڵس بچێتە سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟ 38 تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»

39 پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»

40 ئیتر ڕێگای دا، پۆڵس لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا، بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی:

بەرگری پۆڵس

22 «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.

ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی[f] گەمالائیل بە توندی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، وەکو سەرۆک کاهین و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم بۆ برایانی دیمەشق لەوان وەرگرت، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.

«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“

«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“

«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

10 «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»

«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەوەی بۆت دانراوە بیکەیت، پێت دەگوترێ.“ 11 جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.

12 «پیاوێک بە ناوی حەنانیا، بەگوێرەی تەورات لەخواترس، هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. 13 هاتە لام، وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.

14 «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە[g] ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، 15 چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. 16 ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“

17 «ئەوە بوو کە بۆ ئۆرشەلیم گەڕابوومەوە و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، 18 مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“

19 «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. 20 کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“

21 «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ دوور دەتنێرم، بۆ نەتەوەکان.“»

22 هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»

23 ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. 24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.

پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە

25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» 26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»

27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»

گوتی: «بەڵێ.»

28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»

پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»

29 ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.

30 بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.

پۆڵس لە ئەنجومەنی جولەکە

23 پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.» حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن. پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»

پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.][h]»

پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟» 10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12 کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون. 14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15 ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»

16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی[i] شەو بچنە قەیسەرییە. 24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26 لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان. 29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان[j] هێنا. 32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.