Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ئاساف.
50 خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
2 لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە،
خودا پڕشنگ دەدات.
3 خودامان دێت و بێدەنگ نابێت،
ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت،
گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
4 بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی،
هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
5 «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم[a]،
کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
چونکە خودا خۆی دادوەرە.[b]
7 «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم،
ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم:
من خودام، خودای تۆم.
8 سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت،
قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
18 بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،
دڕکوداڵ دەخوات،
گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،
ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
19 بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار
خاکەکە دەسووتێت،
گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،
پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
20 لای ڕاست لێ دەکاتەوە و
هەر برسییە،
لای چەپ دەخوات و
تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
21 مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،
هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
10 قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و
ئەو تۆمارکارانەی ستەم تۆمار دەکەن،
2 بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و
مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،
بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و
هەتیوانیش تاڵان بکەن.
3 لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،
کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟
بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و
گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
4 بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و
کەوتن لەژێر کوژراوەکان.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
وتاری ستیفانۆس
7 سەرۆک کاهین لێی پرسی: «ئەم شتانە وان؟»
2 ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆ بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، 3 پێی فەرموو: [خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.][a]
4 «خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. 5 لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هێشتا منداڵی نەبوو. 6 خوداش ئاوای فەرموو: [نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 7 بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،] خودا فەرموویەتی، [دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.][b] 8 خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[c] بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.