Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 5:1-8

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ.

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە،
    لە ناڵەم وردبەرەوە.
گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام،
    چونکە لێت دەپاڕێمەوە.

ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت،
    بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم.
چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت،
    بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن،
    ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت،
    یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ،
    بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.

ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە،
    ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم.

یەکەم پاشایان 20:35-43

تاوانبارکردنی ئەحاڤ لەلایەن پێغەمبەرێک

35 ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.

36 پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.

37 پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد. 38 ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە. 39 کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک[a] زیو دەدەیت.“ 40 ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.»

پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»

41 پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە. 42 ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا[b]، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“» 43 ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.

لۆقا 5:17-26

دەسەڵاتی گوناه بەخشین

17 ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی[a] و مامۆستایانی تەوراتیش[b] کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانای یەزدانیشی تێدابوو بۆ چاککردنەوە. 18 چەند پیاوێک هاتن ئیفلیجێکیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. 19 کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا[c] شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.

20 کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»

21 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»

22 بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ 23 کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟ 24 بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ[d] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 25 دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد. 26 هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن‏ و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.