Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی سێیەم
زەبوورەکانی 73–89
زەبوورێکی ئاساف.
73 بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،
بۆ دڵپاکەکان.
2 بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و
زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
3 چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،
کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
4 چونکە ترسیان لە مردن نییە،
جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
5 لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،
وەک خەڵکی تێناکەون.
6 بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و
بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
7 خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،
لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
8 گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،
بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
9 ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،
زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
10 بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و
باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن[a].
11 دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟
ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
12 ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،
هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
13 بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،
دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
14 بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،
هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
15 ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،
ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
16 کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،
بە ئەرکێکی سەختم بینی،
17 هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،
ئەوسا لە چارەنووسیان گەیشتم.
18 بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،
تووشی وێرانیت کردوون.
19 چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،
لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
20 ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،
لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
32 «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
33 گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،
پشت گوێی مەخەن.
34 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،
ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،
لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت.
35 چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،
ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
36 بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،
هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»
9 دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،
حەوت[a] کۆڵەکەکەی داتاشیوە.
2 سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،
هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.
3 کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،
لەسەر بەرزاییەکانی شار:
4 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
5 «وەرن، لە نانی من بخۆن و
لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.
6 واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،
بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»
29 بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
30 بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان[a]، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.
31 بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.
32 چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، 33 کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکەیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، 34 هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر ڕایانکرد، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. 35 هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. 36 هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. 37 بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. 38 جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
39 هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، 40 چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.
تەمبێکردن لە خودای باوکەوە
12 لەبەر ئەوە، چونکە ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمانە دانراوە. 2 با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.