Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
    لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
    خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
    شاری پاشای گەورەیە[b].
خودا لەناو قەڵاکانی
    وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
    ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
کە بینییان تاسان،
    بە ترسەوە هەڵاتن.
لەوێ لەرزیان لێهات،
    ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
    بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،
    ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
    لە شاری خودامان:
    «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
    بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
    ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
    دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
    کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
    بەهۆی دادوەرییەکانت.

12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
    قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
    بڕواننە قەڵاکانی،
    هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
    تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

دووەم ساموئێل 2:1-11

دەستنیشانکردنی داود وەک پاشای یەهودا

ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.»

داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟»

ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»

ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کەرمەلی بوو. هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد.

کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە، داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە. ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد. ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»

جەنگی نێوان بنەماڵەکانی داود و شاول

لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری[a] و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل.

10 ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن. 11 ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو.

یەکەم کۆرنسۆس 4:8-13

وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا![a] خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد! چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە[b] دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بۆ درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک. 10 لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین! 11 هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. 12 بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێنەوە و بەرگە دەگرین. 13 بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.