Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 4

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود

ئەی خودای ڕاستودروستم،
    کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
    لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
    هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟[a]
بەڵام بزانن کە یەزدان پیاوی خۆشەویستی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
    یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.

کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
    بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتان
    لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
قوربانی ڕاستودروست بکەن و
    پشت بە یەزدان ببەستن.

زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
    ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت[b].
تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
    زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.

ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
    چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.

کردار 3:1-10

چاکبوونەوەی ئیفلیجێک

لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی[a] پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن. پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!» ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.

پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. 10 جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.

لۆقا 22:24-30

گەڕان بەدوای پلەوپایە

24 هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، کامیان بە پایەبەرز دابنرێت. 25 عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکان دەبنە فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. 26 بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەی ڕابەری دەکات وەکو خزمەتکارەکەتان بێت. 27 کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.

28 «ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. 29 منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، 30 تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.