Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
111 هەلیلویا!
بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.
2 کردارەکانی یەزدان مەزنن،
هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
3 بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4 وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
5 خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.
6 هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
7 کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
8 هەتاهەتایە چەسپاون،
بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
9 کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
پیرۆز و سامناکە ناوی.
10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
پەرستنی خودای دیکە
13 ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان، 2 جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە، 3 ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا. 4 بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن. 5 ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
28 کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەر، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووشبوو ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29 هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێش وەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»
30 لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان. 31 ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»
32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان. 33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە لە ناوچەکەیان بچێتە دەرەوە.
چاککردنەوەی ئیفلیجێک
9 ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتە شارەکەی خۆی[a].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.