Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 27

زەبوورێکی داود.

27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
    لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
    لە کێ بتۆقم؟

کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
    بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
    ساتمە دەکەن و دەکەون.
ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
    دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
    ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.

داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
    ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
    لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
    لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
    لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
    بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
    لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
    سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
    لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
    ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
    تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
    ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
    یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
    لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
    چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
    هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.

13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
    کە لە خاکی زیندووان
    چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
    خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
    چاوەڕێی یەزدان بە.

ئیشایا 4:2-6

لقی یەزدان

لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان[a] دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بۆ ژیان تۆمارکراون. کە پەروەردگار پیسی کچانی سییۆن بشوات و خوێنەکانی ئۆرشەلیم لەناوەڕاستی پاک بکاتەوە، بە ڕۆحی حوکمدان و بە ڕۆحی سووتان. ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.

کردار 11:1-18

ڕوونکردنەوەی پەترۆس

11 نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە. کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنە نەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»

جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو، گوتی: «لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە. سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“

«بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو و حەرام نەچووەتە دەمم.“

«دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“ 10 ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.

11 «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون، 12 ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە. 13 ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە، 14 ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“

15 «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش. 16 قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا لەئاوهەڵکێشانی کرد، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“ 17 جا ئەگەر خودا هەمان بەهرەی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»

18 کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی بۆ ژیان بە نەتەوەکانیش بەخشیوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.