Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2 ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3 ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4 دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
دروستکردنی خشتی قوڕ بەبێ کا
5 دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
2 فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
3 ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
4 بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.» 5 هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
6 هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن، گوتی: 7 «ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. 8 بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“ 9 با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
10 ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ، 11 بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“» 12 ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا. 13 سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.» 14 ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
15 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟ 16 کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
17 ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“ 18 ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەش خشتی قوڕیش وەک جاران دەدەن.»
19 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.» 20 کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن. 21 پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە
22 موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟ 23 لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»
6 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
2 هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، 3 بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بە توانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ـە[a] لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. 4 هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. 5 هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
6 «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. 7 هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتان ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. 8 دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»
9 موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»[b]
تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون
13 یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان بۆ نەوەی ئیسرائیل و بۆ فیرعەونی پاشای میسر، بۆ بردنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر.
نامەیەک بۆ کڵێسای فیلادەلفیا
7 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە:
ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ: 8 «ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد. 9 ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە. 10 لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە.
11 «زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت. 12 ئەوەی سەربکەوێت دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. 13 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.