Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 23

زەبوورێکی داود.

23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
    لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
    گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
    لە پێناوی ناوی خۆی.
ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
    لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
    گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.

سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
    زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
    جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
    بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.

یەکەم ساموئێل 15:22-31

22 بەڵام ساموئێل گوتی:

«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
    یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
    سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
23 چونکە یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[a]،
    کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
    ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»

26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»

27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29 هەروەها شکۆی[b] ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»

30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.

ئەفەسۆس 5:1-9

وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین

کەواتە لاسایی خودا بکەنەوە، وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.

بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکییەک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆکی جۆرێک لە بتپەرستییە. کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون. بۆیە هاوبەشییان مەکەن.

پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین، چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.