Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 18-22

لە ماڵی گۆزەکەر

18 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.» منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات. بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر. ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت، ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم. ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم، 10 بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“ 12 بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»

13 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
    کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
بێ تامترین خراپە
    ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
14 ئایا بەفری لوبنان
    لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
    وشک دەبێت؟
15 بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
    بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
    ڕێچکە کۆنەکان،
تاکو بە لاڕێکان و
    ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
16 بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
    بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
    سەر بلەقێنێت.
17 وەک بای ڕۆژهەڵات
    لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
لە ڕۆژی کارەساتیان
    پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»

18 ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»

19 ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
    گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
20 ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
    بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
    بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
    تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
21 لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
    بیاندە دەست شمشێر،
با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
    پیاوەکانیشیان بمرن،
    گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
22 با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
    کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
    تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
23 بەڵام ئەی یەزدان،
    تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
لە تاوانیان خۆش مەبە و
    گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
با لەبەردەمت تێکبشکێن،
    لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

19 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە، بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە[a]، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم. بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە. لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“

10 «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان، 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“ 12 یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم. 13 جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»

14 ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت: 15 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»

یەرمیا و پەشحوری کاهین

20 کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ[b]، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
    تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
    هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
چونکە هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
    جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
    گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
بەڵام ئەگەر گوتم: «باسی ناکەم،
    ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا بوو بە ئاگرێکی داگیرساو،
    پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزاربووم لە دامرکاندنەوەی و
    نەمتوانی بێدەنگ بم.
10 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
    «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
    خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
    چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
    ئینجا دەرەقەتی دێین و
    تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»

11 بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
    لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
    شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
    ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
    چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

13 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
    ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
    لە دەستی بەدکاران.

14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
    با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
    زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
    «کوڕێکت بوو!»
16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
    کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
    نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
    جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
    سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
    ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
    ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟

خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە

21 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»

بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەو چەکانەی لە دەستتانە کە لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون، من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم، لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش دەچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
    تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
    لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
    جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
    بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
    ئەوەتا من لە دژی تۆم.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
    ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
    کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان

22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ چونکە ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:

«هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
    وەک لووتکەی لوبنانی،
بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
    وەک شاری بێ دانیشتووان.
تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
    هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
    فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.

«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»

10 بۆ پاشا مردووەکە[c] مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
    بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
    بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.

11 چونکە سەبارەت بە شەلومی[d] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە ئێرە، 12 بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»

13 «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
    ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
ئەوەی بە بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات،
    هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
14 دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
    ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
    دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
    بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.

15 «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
    کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
    ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
16 بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
    لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
    لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»

18 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:

«بۆی نالاوێننەوە،
    ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
بۆی نالاوێننەوە،
    ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
19 بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
    ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
    دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»

20 «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
    با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
    چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
21 لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
    بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
    کە گوێڕایەڵی من نابیت.
22 هەموو شوانەکانت[e] با بەڕێوەیان دەبات و
    هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
    لەبەر هەموو خراپەکانت.
23 ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[f]،
    ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
    وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»

24 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و 25 دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان. 26 خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن. 27 هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»

28 ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
    ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
    تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
29 ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
    گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
    پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
    کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
    جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.