Book of Common Prayer
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.
87 خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
2 یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
3 ئەی شاری خودا،
بە شکۆمەندی باست کراوە:[a]
4 «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
خەڵکی ڕاهەب[b] و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
5 دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
6 یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
«ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
7 سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
«هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»
کۆکراوەی بەشی چوارەم
زەبوورەکانی 90–106
نوێژێکی موسای پیاوی خودا.
90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
تۆ پەناگامان بوویت.
2 بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
یان زەوی و جیهان دروستببن،
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.
3 تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
4 چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
وەک بەشێکی شەو وایە.
5 مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
6 سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.
7 چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
8 گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
9 چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.
13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.
17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.
136 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 ستایشی خودای خودایان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
3 ستایشی گەورەی گەورەیان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
4 بۆ ئەوەی بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەری مەزن دەکات،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
5 ئەوەی بە تێگەیشتنەوە ئاسمانی دروستکردووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
6 ئەوەی زەوی لەسەر ئاوەکان ڕاخستووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
7 ئەوەی ڕووناکییە مەزنەکانی دروستکردووە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
8 خۆر بۆ حوکمگێڕی ڕۆژ،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
9 مانگ و ئەستێرەکان بۆ حوکمگێڕی شەو،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
10 بۆ ئەوەی لە میسر و نۆبەرەکانی دا[a]
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
11 ئیسرائیلی لە ناوەڕاستیان دەرهێنا،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
12 بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
13 بۆ ئەوەی دەریای سووری کرد بە دوو بەشەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
14 ئیسرائیلی بە نێوانیاندا پەڕاندەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
15 فیرعەون و لەشکرەکەی فڕێدایە ناو دەریای سوور،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
16 بۆ ئەوەی لە بیابان ڕابەرایەتی گەلی خۆی کرد،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
17 ئەوەی پاشا مەزنەکانی لەناوبرد،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
18 ئەوەی پاشا ناودارەکانی کوشت،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
19 سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
20 عۆگی پاشای باشان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
21 خاکەکەیانی کرد بە میرات،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
22 بە میرات بۆ ئیسرائیلی بەندەی خۆی،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
23 بۆ ئەوەی کاتێک زەلیل بووین ئێمەی بەبیر هاتەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
24 ئەوەی لەناو دوژمنمان دەریهێناین،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
25 ئەوەی نان دەداتە هەموو بەدیهێنراوێک.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
26 ستایشی خودای ئاسمان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.»
6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، 15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»
16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18 یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»
19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.
پێشوازی لە یەکتری بکەن
14 ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان. 2 هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات. 3 با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە. 4 تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.
5 کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت. 6 ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات بۆ یەزدان بایەخ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات بۆ یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات بۆ یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات، 7 لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت. 8 لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین. 9 هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.
10 ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین، 11 چونکە نووسراوە:
[یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم،
هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات،
هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.][a]
12 کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
لێپرسراوین بەرامبەر بە یەکتری
13 لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم برا دانەنرێت. 14 بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، مەگەر یەکێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە لە لای ئەو گڵاوە. 15 ئەگەر بەهۆی خۆراکت خوشکت یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. جا بە خۆراکت ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناوی مردووە. 16 مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە، 17 چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا. 18 هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.
19 کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات. 20 لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەگەر ببێتە کۆسپ خراپە بیخوات. 21 باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.
22 ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات. 23 بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەرشتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.
47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»
48 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟»
بەر لە ئیبراهیم من هەم
49 عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. 50 داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. 51 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»
52 پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ 53 ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دادەنێیت؟»
54 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55 هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. 56 ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.»
57 جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟»
58 عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» 59 ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.