Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 20

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
    با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
    لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
    هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[a]
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
    هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
    بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.

با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.

ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[b] ڕزگار دەکات،
    لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
    بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
    بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
    بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
    کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!

یەرمیا 31:15-22

15 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
    گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
    ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
    لەبەر منداڵەکانی، چونکە نەماون.»

16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«واز لە گریان بهێنە و
    چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
    «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
17 کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
    منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18 «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
    ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
    من تەمبێ بووم.
بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
    چونکە تۆ یەزدانی خودای منی.
19 لەدوای گومڕابوونم،
    پەشیمان بوومەوە،
لەدوای تێگەیشتنم،
    لە سنگی خۆمم دا.
شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
    چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
20 ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
    ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
چونکە هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
    دووبارە دێتەوە یادم.
لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
    بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

21 «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
    ڕێوشوێن دابنێ.
بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
    ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
    بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
22 هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
    ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
    ژن پیاو دەپارێزێت.»

لۆقا 19:41-44

گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم

41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی بەسەرکردنەوەت[a] نەزانی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.