); Wisdom 4:7-15 (The righteous are rewarded); Acts 7:59—8:8 (Stephen is stoned to death) (Kurdi Sorani Standard)
Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
148 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
8 ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
9 چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
هەلیلویا.
59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[a].
چەوسانەوەی باوەڕداران
8 شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.
هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت. 2 هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا. 3 بەڵام شاول کڵێسای لەناودەبرد، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.
مزگێنیدەری لە سامیرە
4 ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنی وشەی خودایان بڵاودەکردەوە. 5 فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند. 6 خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. 7 ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. 8 جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.