Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی دووەم
زەبوورەکانی 42–72
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح
42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[a]؟
3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6 گیانم خەمبارە لە ناخم،
بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[b]، لە کێوی میچعارەوە.
7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
«بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە
47 پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن. 2 ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.
3 کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو. 4 دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو. 5 بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو. 6 لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»
ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. 7 کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون. 8 پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا[a] و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات. 9 بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت. 10 لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[b] جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت. 11 بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن. 12 لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»
خۆتان بنیاد بنێن
17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
ستایشی خودا
24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.