Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی دووەم
زەبوورەکانی 42–72
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح
42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[a]؟
3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6 گیانم خەمبارە لە ناخم،
بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[b]، لە کێوی میچعارەوە.
7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
«بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
17 ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
باخیش بە دارستان دانانرێت؟
18 جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
چاوی نابیناکان دەبینن.
19 زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
نەدارانی خەڵکیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
20 چونکە زۆردار لەناوچوو و
گاڵتەجاڕ نەما و
هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری بڕانەوە.
21 ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.
22 لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:
«ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
23 کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
لەنێویاندا دەبینن،
وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا[a] دەنێن،
لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
24 ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
زۆربوونی باوەڕداران
12 لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە. 13 کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن. 14 هەروەها خەڵکی زیاتر باوەڕیان دەهێنا و دەهاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ، ژن و پیاو بە کۆمەڵ، 15 وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. 16 خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.