Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 35

خۆشحاڵی ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە

35 چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن،
    بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات،
وەک گوڵاڵە سوورە، بە تەواوی چرۆ دەکات و
    تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات!
شکۆی لوبنانی پێدەدرێت،
    شەوکەتی کارمەل و شارۆن،
ئەوان شکۆی یەزدان و
    شەوکەتی خودامان دەبینن.

دەستە شلەکان توند بکەن و
    ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە:
    «خۆتان توند بکەن، مەترسن!
ئەوەتا خوداتان،
    بە تۆڵەسەندنەوە دێت،
سزای خوداتان.
    ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»

ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و
    گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و
    زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات،
چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و
    ڕووباریش لە بیابان.
سەراب دەبێتە گۆم و
    خاکی تینوو بە کانیاو.
لە لانەی چەقەڵەکان لە مۆڵگەکەیان
    قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.

لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت،
    ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت.
گڵاو پێیدا تێناپەڕێت،
    بەڵکو بۆ ئەوانەیە
کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن،
    گێلەکان پێدا ناڕۆن.
شێر لەوێ نابێت،
    جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت،
    لەوێ بەرچاو ناکەون.
بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
10     ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە.
بە هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و
    شادی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە.
شادی و خۆشی پێیان دەگات و
    ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

زەبوورەکان 146:5-10

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
    هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
دروستکەری ئاسمان و زەوی و
    دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
    ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
    نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
    یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
    یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
    ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.

هەلیلویا.

لۆقا 1:46-55

ستایشی مریەم

46 مریەمیش گوتی:

«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47     ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49     چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
    پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
    نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
    ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
    بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
    دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
    هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
    هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»

یاقوب 5:7-10

دانبەخۆداگرتن لە ئازار

بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد.

مەتا 11:2-11

کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی نارد و پێی گوت: «ئایا تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»

عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت[a]. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە من بێ هیوا نابێت.»

لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10 یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:

«[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
    ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.][b]

11 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.