Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!
2 ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[a]
3 بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
4 داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
5 بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
6 چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
7 چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.
8 دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
9 کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.
13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.
یەزدان زەوی وێران دەکات
24 ئەوەتا یەزدان زەوی چۆڵ دەکات،
بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
2 کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
گەورە وەک کۆیلەکەی،
خانم وەک کەنیزەکەی،
کڕیار وەک فرۆشیار،
بەخشەر وەک وەرگر،
قەرزدەر وەک قەرزار.
3 زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
4 زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
جیهان داهێزرا و سیس بوو،
گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
5 زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
فەرزەکانیان پێشێل کرد و
پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
6 لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
دانیشتووانەکەی سزادران.
لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
خەڵکێکی کەم مایەوە.
7 شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
8 دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
9 بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
10 شاری وێران تێکشکاوە،
هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
11 لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
دوورخرایەوە شادی زەوی.
12 ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
لێدانی دەروازەش کاولییە.
13 چونکە ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
لەنێو گەلان،
وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
14 ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
15 لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
لە دوورگەکانی دەریاشەوە
ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل.
16 لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
«شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
قوڕبەسەرم!
ناپاکان ناپاکییان کرد!
ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
ژیانێک بۆ ڕازیکردنی خودا
4 لە کۆتاییدا خوشکان، برایان، ئێمە فێرمان کردوون کە دەبێت چۆن بژین تاکو خودا ڕازی بکەن، وەک ئاواش دەژین، ئیتر داواتان لێ دەکەین و لێتان دەپاڕێینەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە تاکو زیاتر خۆتان تەرخان بکەن، 2 چونکە دەزانن ئەو ڕاسپاردانە چی بوون کە بە دەسەڵاتی عیسای باڵادەست پێماندان.
3 خواستی خودا ئەوەیە کە پیرۆزکراو بن، واز لە داوێنپیسی بهێنن. 4 هەروەها خودا دەیەوێ کە هەریەکەتان فێری ئەوە بێت کە چۆن جەستەی خۆی پاک و پیرۆز بپارێزێت، 5 نەک بە ئارەزووی هەوەسبازی وەک ئەو نەتەوانەی خودا ناناسن. 6 لەم بارەوە کەس بۆ مەرامی خۆی سوود لە برا و خوشکەکەی وەرنەگرێت، هەروەها خراپەیان بەرامبەر مەکەن، چونکە یەزدان تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکاتەوە، وەک پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان کردوونەتەوە. 7 خودا بانگی نەکردووین بۆ گڵاوی، بەڵکو بانگی کردین تاکو بە پاک و پیرۆزی بژین. 8 کەواتە ئەوەی ئەم فێرکردنە ڕەت بکاتەوە، مرۆڤ ڕەت ناکاتەوە بەڵکو خودا، ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.
9 دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ. 10 لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایان لە تەواوی مەکدۆنیاتان خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.
11 با ئامانجی ئێوە بەڕێکردنی ژیانێکی ئارام و هێمن بێت. سەرتان لە کاری خۆتاندا بێت و بە دەستی خۆتان کار بکەن، وەک ڕامانسپاردوون، 12 تاکو بە لێوەشاوەیی بژین لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و پێویستیتان بە کەس نەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.