Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 72:1-7

بۆ سلێمان.

72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
    ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
    بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
    گردەکان ڕاستودروستی.
با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
    کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
    زۆرداران وردوخاش بکات.
با وەک خۆر بمێنێت،
    وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
    وەک هەور زەوی ئاو بدات،
ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
    ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

زەبوورەکان 72:18-19

18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
    بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
    با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
            ئامین و ئامین.

ئیشایا 40:1-11

حەسانەوە بۆ گەلی خودا

40 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
    خوداتان دەفەرموێت،
بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
    پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
    کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
    لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.

کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
    هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
    هەورازیش دەبێت بە دەشت،
شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
    هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
            چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»

دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
    منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»

«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
    هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
    بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»

ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
    بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
    بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
    بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
    «ئەوەتا خوداتان!»
10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
    بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
    خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
    بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
    بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.

یۆحەنا 1:19-28

شایەتیدانی یەحیا

19 ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین[a] و لێڤییان[b] ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» 20 ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە[c] نیم.»

21 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.»

«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی[d]؟» گوتی: «نەخێر.»

22 ئینجا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»

23 یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی:

«[من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:
    ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“[e]

24 نێردراوانیش لە فەریسییەکان بوون، 25 پرسیاریان لێکرد: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت[f]؟»

26 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، 27 ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»

28 ئەمانە لە بێت‌عەنیا[g] ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.