Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 124

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
    کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
    کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
    لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
    بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»

ستایش بۆ یەزدان،
    کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
    داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

ئیشایا 54:1-10

شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن

54 «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
    ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
    لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
    زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
            یەزدان دەفەرموێت.
«شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
    پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
    دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
    سنگەکانت توند بچەقێنە.
چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
    نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
    شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.

«مەترسە چونکە ڕیسوا نابیت،
    گاڵتەت پێ ناکرێت چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
    ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە.
چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
    ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
    پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
چونکە وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
    یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
    خودات دەفەرموێت.
«بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
    بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
بە زریانی تووڕەییەوە
    بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
    ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.

«چونکە ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
    ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
    لێت ڕانەخوڕم.
10 هەرچەندە چیاکان نامێنن و
    گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
    پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.

مەتا 24:23-35

23 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 24 چونکە مەسیحە درۆزنەکان[a] و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون چەواشە دەکەن. 25 ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.

26 «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، ”ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، 27 چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.

هاتنەوەی عیسا

29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،

«[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
    ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][b]

30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.[c] 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.

لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن

32 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە. 34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.