Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 122

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
    «با بچینە ماڵی یەزدان.»
ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
    لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.

ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
    وەک شارێکی یەکگرتوو.
لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
    هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
    بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
    تەختەکانی بنەماڵەی داود.

داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
    «با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
    ئاسایش لە قەڵاکانت.»
لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
    «ئاشتیت تێدابێت!»
لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
    بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.

پەیدابوون 6:11-22

11 زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. 12 خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو. 13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15 ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.[a] 16 بە ئەندازەی باڵێک[b] بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. 17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20 جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 21 تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»

22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.

مەتا 24:1-22

پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا

24 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.

«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.

گەورەترین تەنگانە

15 «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر][a] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات، 16 ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕاکەنە چیاکان، 17 ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. 18 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 19 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 20 نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، 21 چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

22 «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.