Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
117 ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!
2 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە،
دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە.
هەلیلویا!
31 یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»
2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون
لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت،
کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
3 لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت:
«بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت،
لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
4 ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە،
بنیاد دەنرێیتەوە.
دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە
بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
5 دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت
لە چیاکانی سامیرە،
ڕەزەوانەکان دەچێنن و
بەرەکەی دەخۆن[a].
6 ڕۆژێک دێت
چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن:
”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
مەبەستی ئەم نووسینە
1 ئەی ساوفیلۆسی[a] پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیڕۆکی ئەو شتانەی[b] لەلای ئێمە هاتنە دی، 2 وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە[c] بوون. 3 لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم، 4 تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.