Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 117

117 ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە،
    دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە.

هەلیلویا!

یەرمیا 30:1-17

گەڕاندنەوەی ئیسرائیل

30 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هاواری ترسمان بیست،
    تۆقین نەک ئاشتی.
بپرسن و ببینن:
    ئایا نێر سکی دەبێت؟
ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
    وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
    هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
    ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
    بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“

«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
    ”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
پێبەندیان دەپسێنم و
    چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
    خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، [a]
    ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»

10 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
    نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
    دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
11 من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
    یەزدان دەفەرموێت:
”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
    کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
    کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
    بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“

12 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
    برینەکەت سەختە.
13 کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
    دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
    تۆ چاک نابیتەوە.
14 هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
    هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
    بە سەختی تەمبێم کردی
لەسەر زۆری تاوانەکانت،
    لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
15 بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
    لەبەر ئازارەکەت کە ناشکێت؟
لەسەر زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
    منیش ئەمەم پێکردیت.

16 «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
    هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
    هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
17 بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
    برینەکانت چاک دەکەمەوە،
چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
    سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئاشکراکردن 21:5-27

دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» هەروەها دەفەرموێ: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم[a]، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم. بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»

ئۆرشەلیمی نوێ

یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێیە کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکراون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان دەدەم، ژنی بەرخەکە.» 10 بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام، لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە. 11 شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ. 12 شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون. 13 لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا. 14 شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.

15 ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت. 16 شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا[b] بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون. 17 شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ[c] بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا. 18 بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف. 19 بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود، 20 پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت. 21 دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.

22 پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بە توانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون. 23 شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی. 24 نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن. 25 دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت. 26 شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن. 27 هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.