Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.
76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»
18 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:
«بۆی نالاوێننەوە،
”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
بۆی نالاوێننەوە،
”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
19 بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
20 «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
21 لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
کە گوێڕایەڵی من نابیت.
22 هەموو شوانەکانت[a] با بەڕێوەیان دەبات و
هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
لەبەر هەموو خراپەکانت.
23 ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[b]،
ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
24 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و 25 دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان. 26 خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن. 27 هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
28 ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
29 ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
شانشینی خودا وەک منداڵ
15 خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. 16 بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک[a] شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.