Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 1:68-79

68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
    لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
    هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
    پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
    بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.

76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
    چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
    بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
    کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
    بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»

یەرمیا 22:1-17

حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان

22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ چونکە ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:

«هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
    وەک لووتکەی لوبنانی،
بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
    وەک شاری بێ دانیشتووان.
تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
    هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
    فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.

«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»

10 بۆ پاشا مردووەکە[a] مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
    بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
    بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.

11 چونکە سەبارەت بە شەلومی[b] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە ئێرە، 12 بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»

13 «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
    ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
ئەوەی بە بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات،
    هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
14 دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
    ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
    دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
    بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.

15 «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
    کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
    ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
16 بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
    لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
    لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»

یەکەم پەترۆس 1:3-9

ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان! بەگوێرەی بەزەییە فراوانەکەی لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین[a] بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان، بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە، بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ. ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو نرخدارترە کە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، بۆ ستایش و شکۆ و ڕێز بێت لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحدا. هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتە ڕزگاری دەروونتان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.