Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 12

گۆرانی ستایش

12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
    «ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
    بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
    دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
    ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
    لە کانییەکانی ڕزگاری.

لەو ڕۆژەدا دەڵێن:

«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
    وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
    باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
    با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
    چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»

ئیشایا 59:1-15

گوناه، دانپێدانان و کڕینەوە

59 بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن،
    گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست
    لەنێوان ئێوە و خوداتان،
گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە
    تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و
    پەنجەکانیشتان بە تاوان،
لێوەکانتان بە درۆ دوان و
    زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و
    کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات.
پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن.
    بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
هێلکەی ماریان هەڵهێنا،
    تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن.
ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت،
    ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
تەونەکانیان نابێتە بەرگ و
    خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن،
کردارەکانیان کرداری خراپەن و
    کردەوەی دەستیان ستەمە.
پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
    پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە،
    وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
    دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان.
ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد،
    هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.

لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوورکەوتەوە و
    ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
    بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
    بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
10 وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
    وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
    لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
11 هەموومان وەک ورچ دەباڕێنین،
    وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
    بە هیوای ڕزگارین،
    بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.

12 بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
    گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
    دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
13 یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
    لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
    دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
14 دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
    ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتوو و
    ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێتە ژوورەوە.
15 ڕاستی ون بووە و
    ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.

یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
    کە دادپەروەری نەبوو.

دووەم سالۆنیکی 1:3-12

سوپاس و نوێژکردن

خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەموو بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە بە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بۆ دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لە هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییەک کە بەرگەی دەگرن.

ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەلای خودا دادپەروەرانەیە ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن سزایان بە تەنگانە بداتەوە، ئێوە کە لەنێو تەنگانەن لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت، لە کاتی ئاشکراکردنی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانی لە گڕی ئاگر. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، 10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت[a] و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.

11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی بە باوەڕەوە دەکرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، 12 تاکو ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.