Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی ستایش
12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
«ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
ژیاندنەوەی دڵشکێنراوەکان
14 یەزدان دەفەرموێت:
«ڕێگاکە بنیاد بنێنەوە، بنیادی بنێنەوە و ئامادەی بکەن!
کۆسپ لە ڕێگای گەلەکەم هەڵبگرن.»
15 چونکە خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە،
ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت:
«لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم،
هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام
کە دڵشکێنراون و بێفیزن،
بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.
16 هەتاسەر کێشمەکێش ناکەم و
هەتا کۆتایی تووڕە نابم،
چونکە ڕۆح لەبەردەمم گرژ دەبێت،
هەناسەی مرۆڤ کە من دروستم کردووە.
17 لەبەر تاوانی چاوچنۆکییەکەی تووڕە بووم،
لێم دا، لە تووڕەییدا ڕوخساری خۆمم شاردەوە،
بەڵام هەر بە ڕێگای دڵی خۆی بەردەوام بوو لە یاخیبوون.
18 ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە،
ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە،
19 وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت.
ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک،
چاکیشی دەکەمەوە،»
یەزدان دەفەرموێت.
20 بەڵام بەدکاران وەک دەریای هەڵچوون
کە ناتوانێت ئارام بێتەوە،
ئاوەکانی لیتە و قوڕاو فڕێدەدات.
21 خودام دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
تووڕەیی خودا بۆ هەمووانە
18 لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، 19 لەبەر ئەوەی زانینی خودا تێیاندا دیارە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. 20 لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی[a]، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
21 لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو. 22 هەرچەندە بە وتەی خۆیان دانان، بوونە گێل، 23 شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
24 هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن. 25 ئەوانەی ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و خزمەتیان کرد لە جیاتی بەدیهێنەر، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.