Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 145:1-5

ستایشێکی داود.

145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
    مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
    پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
    هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

زەبوورەکان 145:17-21

17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
    خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
    لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
    گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
    بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
    با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

حەگەی 1

بانگەواز بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان

لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»

ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»

ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم. چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. 10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت. 11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر نەبوون کە یەزدانی خودایان ناردی، گەل لەبەردەم یەزدان ترسان.

13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.» 14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا، 15 لە بیست و چواری شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.

لۆقا 20:1-8

دەسەڵاتی عیسا

20 ڕۆژێکیان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد و مزگێنیی دەدا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لەگەڵ پیران هاتنە لای، پێیان گوت: «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم. پێم بڵێن: لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»

لەناو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ بەڵام ئەگەر بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ هەموو خەڵکەکە بەردبارانمان دەکەن، چونکە دڵنیان کە یەحیا پێغەمبەرە.»

وەڵامیان دایەوە کە نازانن لەکوێوەیە.

عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.