Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشێکی داود.
145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
2 هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
3 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
4 هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
5 دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.
تاجێک بۆ یەشوع
9 پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: 10 «زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا. 11 زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ. 12 پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت. 13 ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت[a].“ 14 تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان. 15 هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»
10 کە فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ کرد قسە بکات، پۆڵس وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. 11 دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. 12 نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ یەکێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. 13 ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. 14 بەڵام ئەمە بۆ تۆ دەدرکێنم، بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی[a] پێی دەڵێن ڕێباز ئاوا خودای باوباپیرانم دەپەرستم، باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە. 15 هیوام بە خودایە لەوەی خۆیان چاوەڕێی دەکەن، کە هەستانەوە دەبێت، بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش. 16 لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.
17 «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم. 18 منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە. 19 بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد. 20 یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم سەنهەدریندا ڕاوەستام، 21 جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»
پۆڵس لە بەندیخانەی قەیسەرییە
22 فیلیکسیش دوایخستن، کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە[b] هەبوو، گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.» 23 ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.