Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
1 ئەو سروشەی[a] کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.
سکاڵای حەبەقوق
2 ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و
تۆش گوێ ناگریت؟
هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و
تۆش ڕزگار ناکەیت؟
3 بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟
بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟
وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە،
ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.
4 لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و
دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت.
خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا،
لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.
2 لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و
سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری،
چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و
بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.
وەڵامی یەزدان
2 ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی:
«سروشەکە[a] بنووسەوە و
لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە،
تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت.
3 چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە،
باسی کۆتایی دەکات و
درۆ ناکات.
ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە،
چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.
4 «تەماشا، دوژمن[b] خۆی گف کردووەتەوە،
ئارەزووەکانی ڕەوا نییە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.
צ (تسادێ)
137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
حوکمەکانت ڕاستن.
138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
بە تەواوی جێی متمانەن.
139 دڵگەرمیم سووتاندمی،
چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
141 من بچووک و ڕیسوام،
بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
فێرکردنت ڕاستە.
143 تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە،
بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
1 لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
2 با نیعمەت[b] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
سوپاس و نوێژکردن
3 خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەموو بۆ یەکتری زیاد دەکات، 4 بۆیە ئێمە بە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بۆ دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لە هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییەک کە بەرگەی دەگرن.
11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی بە باوەڕەوە دەکرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، 12 تاکو ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.
عیسا دەبێتە میوانی زەکا
19 ئینجا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. 2 لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. 3 دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. 4 ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
5 کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» 6 جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
7 هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
8 بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
9 عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[a] بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.